«

»

چاپی بکە بابەت

ڕۆژی ڤالانتاین‌و پیاوه‌ گیرفانخاڵییه‌كان

1005837_10152109037999512_743496652_nئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ر له‌كوردستاندا به‌دی ده‌كرێ خۆ سه‌رقاڵكردنه‌ به‌ڤالانتاینه‌وه‌ له‌14ی فێبرایه‌ردا. له‌م ڕۆژه‌دا به‌تایبه‌ت پیاوان به‌پێخۆشبونی خۆیان بێت یان ‌وه‌ك چاولێكه‌ریی بێت ده‌كه‌ونه‌ ‌كڕینی گوڵ‌و دیاری گرانبه‌ها بۆ یار‌و هاوسه‌ره‌كانیان. ئه‌وه‌ی من ده‌یبینم له‌ڕێگه‌ی ئه‌و ‌وێنانه‌وه‌ كه‌ پۆست ده‌كرێنه‌ سه‌ر فه‌یسبوكی هاوڕێ كورده‌كانم، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م بۆنه‌یه‌ خه‌ریكه‌ ده‌چێته‌ قاڵبی جه‌ژنێكی نه‌ته‌وه‌یی یان دینی ‌وه‌ك ڕه‌مه‌زان‌و قوربانه‌وه‌.بۆ نمونه‌ ده‌بینیت ته‌واوی خانه‌واده‌ كه‌ رۆژی ڤالانتاین جه‌ژن ده‌گێڕن‌و زۆر به‌گرنگی ده‌زانن له‌م ڕۆژه‌دا دیاری به‌یه‌كتر پێشكه‌ش بكه‌ن. له‌كاتێكدا كه‌ وڵاتی ئێمه‌ ئه‌وه‌نده‌ی توندوتیژی‌و بێڕێزی تێدا ئه‌نجام ده‌درێت به‌رامبه‌ر به‌مێینه‌ نیو ئه‌وه‌نده‌ خۆشه‌ویستی‌و عه‌شقی‌ تێدا نابینرێ. له‌هه‌مانكاتیشدا بانكه‌كانی كوردستان خاڵین له‌پاره‌، كارمه‌ند‌و موچه‌بگیره‌كان ناچار به‌خۆپیشاندان كران بۆ ئه‌وه‌ی موچه‌كانیان بۆ سه‌رف بكرێ.

من ده‌پرسم له‌م دوالیزمه‌ی بێموچه‌یی‌و توندوتیژییه‌‌دا چۆن ده‌كرێ ڕۆژێك هه‌بێت بۆ خۆشه‌ویستی؟ ئایا ئه‌م رۆژه‌‌وه‌ بیرهێنانه‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ شتێك هه‌یه‌ به‌ناوی خۆشه‌ویستی؟ یان سه‌پاندنی رۆژێكی سه‌رتاسه‌رییه‌ بۆ نیشاندانی خۆشه‌ویستی له‌ڕیگه‌ی كڕینی دیاری گرانبه‌هاوه‌. ئایا ئه‌وه‌ی گیرفانی خاڵی بێت له‌م ڕۆژه‌دا ده‌بێت چی بكات؟ چۆن خۆشه‌ویستی خۆی ده‌ربڕێ بۆ هاوسه‌ر یان یاره‌كه‌ی؟

 ئه‌وه‌ی راستی بێت ئه‌م ڕۆژه‌ سه‌رتاسه‌رییانه‌ له‌بازاڕی سه‌رمایه‌داریدا ڕۆژێكه‌ بۆ ساخكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كان‌و خه‌ریككردنی خه‌ڵك به‌پاره‌ خه‌رجكردن‌و به‌رخۆرییه‌وه‌‌. له‌هه‌مو حاڵه‌تێكدا خاوه‌ن بازاڕو كۆمپانیا‌و فاكتۆریه‌كان سودمه‌ندن. له‌م حاڵه‌ته‌دا پیاوی گیرفان خاڵی ‌وادێته‌پێشچاو كه‌ دڵی خاڵی بێت له‌عه‌شق. به‌و مانایه‌ی كه‌ ئه‌م پیاوێك نییه‌ توانای پێشكه‌شكردنی دیاری گرانبه‌های هه‌بێت به‌هاوسه‌ره‌كه‌ی. كولتوری به‌رخۆریی‌و خه‌رجكردن‌و تێرنه‌بون له‌كڕینی هه‌مو ستایله‌كانی خشڵ‌و زێڕو ئه‌ڵماس‌و جل‌و به‌رگ كراوه‌ته‌ خولیای ژنان.

ئه‌و پیاوه‌شه‌ی كه‌ به‌حیساب ژنه‌كه‌ی، یاره‌كه‌ی یان عه‌شیقه‌كه‌ی خۆشبوێت ده‌بێت ئه‌وه‌نده‌ گیرفانی پڕبێت كه‌ بتوانێت له‌ئاست ئه‌م به‌رخۆریه‌دا بێت. ئا لێره‌دایه‌ كه‌ خۆشه‌ویستی‌و ڕۆژی ڤالانتاینیش ده‌كرێته‌ بۆنه‌یه‌كی بازاڕیی‌و به‌هاكه‌ی ته‌نها ده‌بێته‌ ئه‌وه‌ی چه‌نده‌ پیاو بتوانێت توانای كڕینی كاڵای هه‌بێت. بێگومان ده‌بێت ئه‌و پرسیاره‌ش له‌خۆمان بكه‌ین كه‌ ئایا بۆ به‌ته‌نها پیاو ده‌خرێنه‌ به‌ر ئه‌م به‌رپرسیارێتییه‌ی كاڵا كڕینه‌وه‌‌؟ بۆ ده‌بێت ئه‌وان گیرفان پڕبن‌و ده‌ستپێشخه‌ربن بۆ كڕینی دیارییه‌كان، ژن له‌كوێی ڤالانتاین‌و خۆشه‌ویستیدا ‌وه‌ستاوه‌؟ كاتێك په‌یوه‌ندی هێنده‌ ناهاوسه‌نگ بێت‌و پیاو ببێته‌ پاڵه‌وانی نمایشكردنی خۆشه‌ویستی، له‌ڕێگه‌ی پێشكه‌شكردنی دیارییه‌كی ئاڵتون یان ئه‌ڵماس‌و یان هه‌ر شتێكی تره‌وه‌ ئیدی به‌های یه‌كسانیی فڕێده‌درێته‌ كام گۆشه‌یه‌وه‌؟ ئه‌م رۆژه‌ له‌خۆرئاوا‌و له‌خۆرهه‌ڵاتیش كراوه‌ته‌ ڕۆژێك بۆ به‌رخۆریی زیاتر، كڕینی دیاری‌و پاره‌ خه‌رجكردن له‌ڕێستورانت‌و شوێنه‌ گرانه‌كاندا.

پیاو له‌م ڕۆژه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنێ كه‌ چه‌ند هاوڕێكه‌ی یان هاوژینه‌كه‌ی خۆش ده‌وێ ده‌بێت له‌وه‌پێشتر مشوری گیرفانی یان كارتی بانقه‌كه‌ی خواردبێت كه‌ پاره‌ی تێدا بێت. له‌هه‌مانكاتیشدا مرۆڤه‌ هۆشیاره‌كان‌و عاشقه‌ ڕاسته‌قینه‌كان له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م به‌نۆرمكردنه‌ی ڕۆژی خۆشه‌ویستییه‌ ژیانی خۆیان ڕێك ده‌خه‌ن. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌م رۆژه‌ جۆرێكه‌ له‌سه‌پاندن‌و جه‌خت له‌سه‌ركردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی ته‌نها له‌نێوان ژن‌و پیاودا ‌واته‌(هێترۆسێكسواڵی)‌و ته‌ئكیدكردنه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ كۆمه‌ڵگا هێترۆنۆرمه‌تیڤه‌و خۆشه‌ویستی ته‌نها له‌نێوان نێرومێدا ده‌خوڵقێ نه‌ك ئه‌وانی تر. ئه‌م جه‌ختكردنه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر هێترۆنۆرمه‌تیڤبونی كۆمه‌ڵگا، خستنه‌ده‌ره‌وه‌ی هۆمۆسێكسواڵ‌و ترانسجێنده‌ره‌كانه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی نۆرمی باوی خێزان. به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك ئه‌م رۆژه‌ ده‌بێته‌ ڕۆژێك بۆ نوخبه‌، دیاره‌ نوخبه‌یه‌ك له‌پاره‌داری هێترۆسێكسواڵ. به‌بڕوای من خۆشه‌ویستی‌و عه‌شق هه‌ڵگری هیچ یاسا‌و سه‌پاندنێك نین، مرۆڤ ده‌بێت له‌وپه‌ڕی ئازادیدا ئاهه‌نگی خۆشه‌ویستی خۆی دیاری بكات له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌ر مۆدێلێك یان عه‌قدێكی كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌پێنراو.

بۆ من ئه‌و ڕۆژه‌ ڕۆژی خۆشه‌ویستییه‌ كه‌ دور له‌هه‌مو به‌رخۆریی‌و به‌بازاڕیكردنێك مرۆڤه‌كان چێژ له‌په‌یوه‌ندی خۆیان ‌وه‌رده‌گرن. بۆ من هه‌مو ڕۆژێك ڕۆژی خۆشه‌ویستییه‌ نه‌ك به‌ته‌نها 14ی فێبرایه‌ر.

  • له ماڵپه‌ڕی ئاوێنه‌وه وه‌رگراوه

بەستەری هەمیشەیی بۆ ئەم بابەتە: http://www.owfi.info/KU/?p=212

رێکخراوی ئازادی ژنان له عێراق (OWFI)
owfi.info 2014 © All rights reserved


Hosting & Design: 1997-2014 Chrakan.com