«

»

چاپی بکە بابەت

شەرەفپارێزیی کورد لەفیلمێکی بەریتانیدا

Banaz-Mahmod-murdered-010 کەناڵی ITV بەریتانی، فیلمێکی دیکۆمێنتاری دەربارەی کچە کوردێک، کە بەناوی شەرەفپارێزییەوە کوژراوە دەخاتەرو. ماوەی فیلمەکە 48 دەقیقەیەو چوار ساڵی خایاندوە بۆ بەرهەمهێنانی. ناوەرۆکی چیرۆکی ئەو فلیمە باسی تەواوی ژیانی بەناز مەحمودو خێزانەکەی لەخۆدەگرێت، هەرلەسەرەتای هاتنیان لەباشوری کوردستانەوە تاکۆتاییهێنان بەژیانی بەناز لەبەریتانیا. 

ئا: کاوە رەش، بەریتانیا

ئامادەکاری ئەو فیلمە دیکۆمێنتارییە کچێکە بەناوی:deeya khan خۆی گوتەنی لەکۆمەڵگایەکی هاوشێوەی بەنازدا گەورەبوەو دەڵێ بۆیە من دەمەوێ ئەم چیرۆکەتان بۆ بگێرمەوە چونکە دەزانم تاچەند پاڵەپەستۆ دەخرێتە سەر کچان و ژنان لەناو خێزانەکانماندا بەهۆی بەکارهێنانی ترس و زەبرو زەنگ کاتێک پێیەکانمان بخەینە ئەودیوو ئەو سنورو هێڵانەی خێزانەکان بۆمان دیاری دەکەن.

لەهەمان کاتدا چەند کارەکتەرێکی گرینگ و سەرەکی نێو ئەو روداوەش بەشداری و گفتوگۆو روداوەکان دەگێرنەوە کە پەیوەندیان بەکەیسی ئەو قوربانییەی شەرەفپارێزییەوە هەیە. Caroline Goode پۆلیسی تایبەتی لێکۆڵینەوەو بەدواداچونی کەیسی بەناز دەڵێ، خێزانی بەناز بەهۆی لەناوبردن و کۆتایی هێنان بەژیانی کچەکەیان، ویستویانە ئەو لەبیرەوەری و زەینی خێزانەکیاندا بسڕنەوە.

پێویستە هەمیشە بەنازمان لەیادبێت چونکە هێشتا کچان و ژنانی زیاتر لەنێو بەریتانیادا لەئازارو کوێرەوەریدان.. بەناز مەحمود لەدایکبوی کوردستانی عێراق، کاتێک منداڵ بوە لەگەڵ خێزانەکەیان لەدەست رژێمی سەددام حوسەین، وەک پەنابەر رویان لەبەریتانیا کردوە. ژیانی منداڵی‌و گەورەبونی لەباشوری لەندەن بوە.

ئەو کچێکی ئارام و لەسەرخۆبو، هەمیشە ئارەزوی دەکرد خەڵکی بەدڵخۆشی ببینێت، مەیلی گفتوگۆی زۆری نەدەکرد، تەنها ژیانێکی خۆش‌و خێزانێکی بەختەوەری دەویست. ئەو برۆکانی درێژو چاوەکانی هەنگوینی، رومەت و کوڵمی وەک سێو، بەناز بەراستی شۆخ و شەنگ بو، جگە لەناوی راستەقینەی خۆی، نازناوی (ناسکە)ی بەکارهێناوە، ئەمانە وەسفی‌و قسەکانی بێخاڵ مەحمود، خوشکی گەورەی بەنازن، کە بۆ یەکەمجار بەروپۆشەوە لەسکرینی تەلەفزیۆنەوە دەردەکەوێت.

بێخاڵ کە ئێستا لەناونیشانێکی نهێنی و دور لەکەس و کاری ژیان بەسەر دەبات دەڵێت، بەویستی خۆم نییە کە نەتوانم دەم و چاوم بشارمەوە لەژێر پەچەو روپۆشدا، بەڵکو ئەوە خێزان‌و دەوروبەرەکەمە وام لێدەکات بۆ پاراستنی سەلامەتی گیانم ئەمە بکەم . بێخاڵ پاش چەندین کێشەو پێکهەڵپژان لەگەڵ باوکی ماڵەوە جێدێڵێت، ئەو دەڵێت بۆم نەبو نینۆکەکانم درێژبێت، یان بۆن لەخۆم بدەم، یان بەئارەزوی خۆم جل و بەرگ بپۆشم، زۆر جار بەتوندوتیژی و لێدان و جنێوی ناشیرین باوکم روبەروم بۆتەوە. بۆیە من کاتێک لەخوار تەمەنی شازدەساڵیدا بوم ماڵەوەم بەجێ هێشت.

هەر لەبەر ئەوەش لەساڵی 2002 بەهۆی هەڵهاتنم لەماڵەوە هەوڵی لەناوبردنم لەلایەن خێزانەکەمەوە دراوە. براکەم پرسیاری کرد کە دەیەوێت بمبینێت، ناوچەیەکی دیاریکرد منیش چومە ئەوێ جانتایەکی دایەدەستم و گوتی هەڵیبگرەو لەپێشمەوە برۆ نابێت ئاور بەچواردەوردا بدەیتەوە، سەیری من مەکە چی دەکەم، لەپر بەپارچە تەنێکی قورس کێشای بەسەرمدا، قۆڵی خستە سەرملمەوەو پێکانی گرتم، منیش هەوڵی خۆدەربازکردنم دەدا لەژێری، بەتوندی دەستیم گەست‌و چەند جارێک شەقم لەئەژنۆکانیدا، بۆیە لێم دورکەوتەوە. دەستمکرد بەهاوارکردن بەسەریداو قیژاندم بۆ هەوڵدەدی بمکوژی؟ ئەویش دەقەیەک بێدەنگ بوو دەستیکرد بەگریانێکی قوڵ وەک ئافرەت.

دواتر زۆر داوای لێبوردنی لێکردم. گوتی: بەڵام من کورێکی گەورەم لەدوای باوکم، دەبێت ئەوە بکەم بۆ پاراستنی شەرەفی خێزانەکەمان، ئەوەشی گوت کە باوکم پارەی داوەتێ بۆ ئەوەی لەناوم بەرێت. هەمو ئەو روداوانەی بەسەر بێخاڵ هاتون پێش روداوەکانن کە بەسەر بەناز دێت.

بەناز لەتەمەنی حەڤدە ساڵی و لەساڵی‌ 2003 دەچێتە ژیانی هاوسەرییەوە، پلانی هاوسەرگیرییەکەش لەلایەن خێزانەکەیەوە رێکدەخرێت، تەنها یەک جار بەناز ئەو کەسەی بینیوەو دە ساڵ لەخۆی بەتەمەنتر دەبێت. پاشان هاوسەرەکەی بەناز دەبات بۆ شاری (کۆڤەنتری)و ژیان لەوێ بەسەردەبەن. دوساڵ دواتر لە2005 بەناز هاوسەرەکەی جێدەهێڵێت و دەگەرێتەوە ماڵەوە لەلەندەن. لەئۆکتۆبەری هەمان ساڵدا سەردانی بنکەی پۆلیسی Croydon دەکات، تا سکاڵا تۆمار بکات دەربارەی مامەڵەی هاوسەرەکەی لەگەڵیدا.

لەبەرئەوەی لەشاری کۆڤەنتری رویداوە لەلایەن کارمەندانی پۆلیسی ناوچەی west midlands وتوێژی لەگەڵ دەکرێت، تۆماری ڤیدیۆی گفتوگۆی نێوان بەنازو کارمەندەکان بۆ یەکەم جارە لەرێی ئەو فیلمەو تەلەفزێۆنەوە نیشاندەدرێت، کە لەبنکەی پۆلیس ئەنجامدراوە.

کارمەندی پۆلیس پرسیار لە بەناز دەکات کە سەرەتای کێشەکان چۆن سەریهەڵداوە؟ بەناز: هاوسەرەکەم بیرکردنەوەی پەنجا ساڵ لەمەوبەری هەیە، پیاوێکی توندوتیژە، هەرکاتێک بیەوێت لەگەڵم بخەوێت ئامادەو لەسەر پێیە، ئەگەر جارێک بڵێم نا ئەوهەرگیز لێم قبوڵ ناکات، بەزۆرەملی و هەرچی ئارەزوی بکات و بیەو‌ێت لەگەڵم دەکات.

هەندێک کات هەوڵمداوە لێم دورکەوێتەوە، بەڵام بەلێدان لە دەموچاوو سەرو راکێشانی پرچم بەرەنگارم بۆتەوە. چەندین جار پێی دەگوتم ئەگەر لای کەس باسی بکەیت کۆتایی بەژیانت دێنم. من تەنها 17 ساڵان بوم، شارەزایی کولتورو داب و نەریتی خۆمان یان ئێرە نەبوم، من پیڵاوەکانی ئەو بوم، هەرکاتێک ئارەزوی بکردایە لەپێیەکانی دەکرد. وای لەخێزانەکەمان کردبو کە ئەویان لەمن خۆشتر بوێت و بروایان زیاتر بە ئەو بو، زۆربەی کەسوکارم دور لەمن دەژیان، بۆیە هەمو شتێکی بەرامبەر دەکردم.

بەشێک لەرۆژانی دەستدرێژی‌و لێدان وناخۆشییەکانم بەوێنەو نوسین تۆمارکردبو، بەڵام هەستی پێکردو هەموی لەناوبرد. لەدابونەریت و ئاینی ئێمەدا جیابونەوەی ژن و مێرد سەخت‌و ناخۆشەو هەروا ئاسان نییە، بەڵام بۆ دواجارو دوای چەندین جار گەرانەوە ماڵی بوکم ئێمە لێکجیابوینەوە.

بازدان بۆ ژیانیکی ترسناکتر دوای جیابونەوەی لەهاوسەرەکەی، بەناز ژیانی خۆی خستە مەترسییەکی گەورەترەوە بەهۆی بینینی “رەحمەت” کە خێزانەکەی پێی رازی نابن،hello my prince how you doing؟i love you “rahmat” you my life. . ئەمانە چەند پەیامێکن بەناز لەرێگای مۆبایلەکەیەوە بۆ “رەحمەت”ی ناردوە. ئەوان خۆشەویستییەکەیان بەنهێنی هێشتبۆوە چونکە دەیانزانی کۆمەڵەگا چاودێرییان دەکەن.

بەناز لەسەردانێکی دیکەدا بۆ بنکەی پۆلیس ئەوە دەخاتەرو کە چەند کەسێک بەئوتۆمبیل بەدوای کەوتون، بانگیانکردوە بەزمانی خۆیان تا لەگەڵیان سەربکەوێت و بیگەیەننە ماڵەوە، بەڵام ئەو سەردادەخات و دەروات. دومانگ دواتر بەناز لەگەڵ رەحمەت دەبینرێت، ئەوان یەکترماچ دەکەن لەدەرەوەی وێستگەی Morden tube چەند کەسێکی ناسیاو راستەوخۆ ماڵەوەیان ئاگاداردەکەنەوە کە ئەوان چی دەکەن لێرە.

مەحمود باوکی بەناز، کە برا گەورەی براکانی دیکەیەتی خۆی وچەند برایەکی تری لەلەندەن دەژین، لەماڵی ئاری برا گەنجەکەیان کە دەسەڵاتی بەسەر هەمو خێزانەکەیاندا هەبوە، بەهۆی بونی سامانێکی زۆرەوە، پلانی کوشتنی بەناز دادەنرێت، بۆ هەفتیەک دواتر بەناز نامەیەک بۆ بنکەی پۆلیس دەبات، ناوی پێنج کەس لەئەندامانی خێزانەکەی تێدایە کە بەنیازن کۆتایی بەژیانی بهێنن.

victor temple داواکاری گشتی دەڵێ، بەناز لەدوای جیابونەوەی لەهاوسەرەکەی لەپر کەوتۆتە ئازادییەکی فراوانەوە، لەگەڵ رەحمەت یەکتر دەبینین و پەیوەندی تەلەفۆنیان هەبوە. هەربۆیە دوای ئەوە خێزانی بەناز پلانی کوشتنی دادەرێژن لەلایەن کەسی یەکەمەوە ئاری مەحمود مامی بەنازو کەسایەتی دەسەڵاتداری خێزانەکەیان و باوکی بەناز خۆی. گەنجەکانی بنەماڵەکەیان رادەسپێرن تا بەناز لەناوبەرن.

لەئێوارەی سەری ساڵی نوێدا، باوکی بەناز بانگ دەکات بۆ ماڵی کەسێکی خزمیان تا گفتۆگۆ بکەن دەربارەی کێشەکەی، باوکی بەخۆی و جانتایەکی گەورەو چەند خواردنەوەیەکی جۆری brandy کە هاوشێوەی ویسکییە دەچێتە ماڵەکەو لەگەڵ بەناز دادەنیشێت، زۆر لەکچەکەی دەکات تا ئەو خوارنەوە کحولییانە بخواتەوەو سڕو بێهۆش بێت.

بەناز دەڵێت باوکم پاش کەمێک لەژورەکەی ترەوە بە دەستکێشی لاستیک و پێڵاو کالاوە دەرکەوت، من ویستم لەسەر قەنەفەکان هەستم دەستی گرتم و گوتی دانیشە خەوت دێت بۆ خۆت لێرە راکشێ، چاوەرێی دەکرد تا من بێهۆش یان بخەوم بم کوژێت. چەند جارێک بەناو ژورەکاندا دەهات و چو، منیش سەیری دەرگای پشتەوەم کرد کلیلی پێوە بو ئەو لەژورەکەی تر بو من لەپر رامکردە دەرەوە بەبێ پێڵاو بەناو جادەکەدا رامکرد، تا گەیشتمە دوکانیکی کۆفی، دواتر ستافی نەخۆشخانەو پۆلیس هاتن بەڵام پۆلیس بروایان پێنەکردم گوتیان تۆ سەرخۆشی، بەڵکو سزای پێژماردنی شکاندنی شوشەی پەنجەرەی دەرگای پشتەوەی ماڵەکەیان خستە ئەستۆی من.

(دینا نامی) بەرپرس لەرێکخراوی مافەکانی ئافرەتانی کوردی و ئێرانی، ئاگادار لەتەواوی کەیسی قوربانییەکەیە. دەڵێ بەناز ئەگەرچی جارێک هەوڵی کوشتنی دراوە بەڵام دەگەرێتەوە ماڵەوە. لەمانگی یەکی 2006 رەحمەت سکاڵا لای پۆلیس دەکات کە بەناز بێسەروشوێنە، کارمەندی تایبەت بەکەیسی بەناز Caroline Goode دەڵێ ئێمە دەستمانکرد بە لێکۆڵینەوە بەڵام تەنها کەسێکیش یارمەتیدەرمان نەبو لەرەوەندی کوردی لەدەستکەوتنی سەرەداوێک دەربارەی بەناز، لەکاتێکدا زیاد لەسەد کەس لەکوردەکان دەیانزانی بەناز چی بەسەرهاتوە.

لەسەرەتای مانگی سێی 2006 کەسێکی کورد تەلەفۆن بۆ بێخاڵی خوشکی بەناز دەکات و پێی دەڵێت کەسی دوەم کە دەبێت بکوژرێت تۆ دەبێت. پۆلیس پێشترو بەر لەدیارنەمانی بەناز زانیاری بەدەستی بەناز خۆی درابوە دەستیان کە ناوی پێنج کەس لەخێزانەکەی تێدا بوە. (ع. ح، م.ع، م.ح)، هەرسێکیان ئامۆزای یەکترو ئامۆزای بەنازبون.

موحەمەد حەمە تاوانبارکرا به کوشتن و سزادرا، ئەگەرچی هێشتا تەرمی بەناز نەدۆزرابوەوە. بەهۆی بونی GPS لەمۆدێلی ئۆتۆمبیلەکەی موحەمەد حەمەدا، هەمو ئەو شوێنانە تۆمارکرابون لەنێوان هەردو شاری لەندەن و بێرمینگهام، پۆلیس هەلیکۆپەتەری بەکارهێنا بۆ گەران بەشوێن جێگاکانیدا بۆیە توانرا لەوخانوەی بێرمینگهامدا هەندێک زانیارییان بەهۆی بینینی بەفرگرێک لەناو باخچەی پشتەوەدا دەست بکەوێت، کە ژێری کرابێت بەگۆری بەناز.

چەند پسپۆرێکی تایبەت بەشوێنەوارناسی و کارمەندی پۆلیس caroline goods دوای گەران لەقوڵایی شەش پێ و لەدیمەنێکی تراجیدیی سەختدا، لاشەی بەناز لەناو جانتایەکدا دەدۆزنەوە. سێ کەس لەئامۆزاکانی و باوک و مامی بەناز تاونبارو سزای هەتا هەتاییان بەسەردا سەپا، ئێستا لەزینداندا ژیان بەسەردەبەن. پۆلیسی بەریتانی دەڵێت، ئەگەرچی بەناز لەناوماندا نەمابو، بەڵام نەمان هێهشت بکوژەکانی لەدەستمان دەربچن.

بۆ دواجار دو لەبکوژەکانمان لەکوردستانی عێراقەوە، لەلایەن تیمی تایبەتی پۆلیسی بەریتانی و ئەو کارمەندانەی کاریان لەکەیسی بەنازدا دەکرد هێنایە بەردەم دادوەر، چونکە بەناز بەشێک بو لەئێمە . لەناوخۆی بەریتانیاشدا نۆ کارمەندی پۆلیس بەهۆی کەمتەرخەمیان لەبارەی کەیسی بەناز، لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرا.

——————————

بەستەری هەمیشەیی بۆ ئەم بابەتە: http://www.owfi.info/KU/?p=205

رێکخراوی ئازادی ژنان له عێراق (OWFI)
owfi.info 2014 © All rights reserved


Hosting & Design: 1997-2014 Chrakan.com