«

»

چاپی بکە بابەت

ده‌وری ژنی کورد له‌ دیالۆگ، هه‌موارکردنی کێشه‌ ، ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ و‌ خه‌بات بۆ دیمۆکراسی و ئاشتی

36F3AC2C-C1A7-4555-B776-D29442E9DC3A_mw1024_n_sهۆزان مه‌حمود نوێنه‌ری ڕێکخراوی ئازادی ژن له‌ عێراق  به‌شداری کرد له‌ سیمینارێک له‌ له‌نده‌ن وه‌ ئه‌م سیمیناره‌ له‌ ئیدامه‌ی کۆمه‌ڵێک چالاکی بوو که‌ بۆ به‌ڕێز له‌یلا زانا به‌ڕێخرابوو. هۆزان مه‌حمودیش وه‌کوو که‌سایه‌تی یه‌کی  چالاک وه‌ ناسراوی کوردستانی عێراق بانگهێشت کرابوو بۆ پێشکه‌ش کردنی وتارێک. سیمیناره‌که‌ له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ ڕێکه‌وتی 24ی مانگی مای به‌سترا وه‌ ناونیشانی سیمیناره‌که‌ش ده‌وری ژنی کورد له‌ دیالۆگ، هه‌موارکردنی کێشه‌ ، ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ و‌ خه‌بات بۆ دیمۆکراسی و ئاشتی بوو.

 که‌سانی وتاربێژی سیمیناری ڕۆژی شه‌ممه‌ ئه‌مانه‌ بوون:-له‌یلا زانا که‌سایه‌تی سیاسه‌تمه‌داری کورد.-هۆزان مه‌حمود: قسه‌که‌ری ڕێکخراوی ئازادی ژن له‌ عێراق- نوێنه‌رایه‌تی ‌ده‌وه‌ره‌ی وڵات

مارگارێت ئۆوین: به‌ڕێوه‌ به‌ری جێنده‌ر ئه‌کشن بۆ ئاشتی و ئاسایش وه‌ هه‌روه‌ها ئه‌ندامی خانه‌ی کۆمیته‌ی مافی مرۆڤه‌ له‌ به‌ریتانیا Widows for Peace and Democracy (WPD)

  • دوکتۆره‌ سوسان بریاو: شاره‌زا له‌ یاسای نێوده‌وڵه‌تی، یاریده‌ده‌ری جێگری به‌شی لێکۆڵینه‌وه‌ له‌بواری  یاسا له‌ زانکۆی  سه‌ڕی.
  • دوکتۆره‌ کاسرین بارنێس: ئه‌نالیست له‌ سه‌ر سیاسه‌ت، وه‌ ئاشتبونه‌وه‌.
  • راچیل بیرنۆ: جیگری سه‌رۆکی ڕێکخراوی پرۆژه‌ی مافی مرۆڤی کورد.
  • جین لامبیرت: ئه‌ندام په‌رله‌مانی ئه‌وروپا
  • هاننا رۆفت برووکس: پارێزه‌ر له‌ تووکس چامبه‌رس، هه‌روه‌ها جێگری سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی هالده‌ین بۆ پارێزه‌رانی سۆشیالیست.

هۆزان له‌ وتاره‌که‌یدا ته‌ئکیدی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ خه‌ڵکی کورد ده‌بێت وه‌کوو نه‌ته‌وه‌یه‌ک به‌ ڕه‌سمی بناسرێن له‌ لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌ی  نێوده‌وڵه‌تی یه‌وه‌ و وه‌ ئازادی ئه‌وه‌یان بۆ فه‌راهه‌م بکرێت که‌ بڕیاری  دیاری کردنی چاره‌نووسی خۆیان بده‌ن که‌ ئایا ده‌یان هه‌وێت له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌وده‌وڵه‌تانه‌دا بژین که‌ دابه‌شکراون به‌ سه‌ریاندا یاخوود ده‌یان هه‌وێت سه‌ربه‌خۆ بژین و ده‌وڵه‌تی یان هه‌بێت. وه‌ باسی له‌وه‌ کرد که‌ کێشه‌ی کوردستان به‌هۆی ده‌ست تێوه‌ردانی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که‌ و به‌تایبه‌ت ده‌وڵه‌تانی غه‌ربی کێشه‌ی کورد به‌ ئاڵۆزی ماوه‌ته‌وه‌ و تا ئێستاش خه‌ڵکی کوردستان بۆ نموونه‌ له‌ تورکیا مافی ئازادی ڕاده‌ربرینیان نی یه‌ که‌ ئه‌مه‌ شه‌رمه‌زاری یه‌ له‌سه‌ده‌ی بیست و یه‌کدا هێشتا ئێمه‌ باس له‌وه‌ بکه‌ین که‌ ئازادی ڕاده‌ربڕینمان هه‌بێت.

 هۆزان هه‌روه‌ها بزوتنه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌یی خسته‌ژێر پرسیار و باسی له‌وه‌ کرد که‌ زۆربه‌ی کات ئه‌م بزوتنه‌وانه‌ پێشکه‌وتووخواز نه‌بوون و ماف و ئازادی یه‌کانی ژنانیان پشتگوێ خستوه‌. له‌به‌شێکی تر له‌ قسه‌کانیدا هۆزان باسی له‌ پێشێلکاری یه‌کانی مافی ژنان کرد له‌ کوردستانی عێراق و وه‌ وتی که‌ ده‌وره‌نه‌خشی ژنان له‌م پارچه‌ یه‌ی کوردستان دا زۆرتر سیمبۆلیکه‌ و ئازادی سیاسی و فه‌ردی و مه‌ده‌نی ژنان زۆر مه‌رزداره‌. هۆزان وتیشی که‌ کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ خه‌ڵکی کوردستان له‌ لۆکالی کردنه‌وه‌ی خۆیان بێنه‌ده‌رو کێشه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی یه‌کان وه‌ به‌تایبه‌ت مه‌سه‌له‌ی ژنان و گرفته‌کانیان به‌ کۆمه‌ڵگه‌ نێو ده‌وڵه‌تی یه‌کان بناسێنین به‌ مه‌به‌ستی تێگه‌یشتن له‌ کێشانه‌و چاره‌سه‌رکردنیان.  هۆزان له‌ کۆتایی قسه‌کانیدا باسی له‌وه‌کرد که‌ به‌ته‌نها قسه‌کردن له‌سه‌ر کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کافی نی یه‌و  بانگهێشتی ئاماده‌بوانی کرد بۆ هاوکاری و پشتیوانی خه‌ڵکی کوردستان بۆ ئازادی، ، به‌ڕه‌سمی ناسینی یه‌کسانی له‌ نێوان ژن و پیاودا و جیایی دین له‌ ده‌وڵه‌ت و مافی خه‌ڵک بۆ دیاری کردنی ئاینده‌ی خۆیان به‌ بێ ده‌ست تێوه‌ردان.

 شایانی باسه‌ ئه‌م سیمیناره‌ لایه‌ن که‌مپینی ئاشتی بۆ کوردستانه‌ وه‌ ڕێکخرابوو وه‌ کۆمه‌ڵێک ڕیکخراوی تریش هاوکاریان کرد له‌وانه‌:  خانه‌ی کۆمیته‌ی مافی مرۆڤ،ئه‌نجومه‌نی هالده‌ین بۆ پارێزه‌رانی سۆشیالیست، سیباهه‌ت تونجیل ئه‌ندام په‌رله‌مانی تورکیا له‌سه‌ر لیستی حزبی ئه‌نجومه‌نی کۆمه‌ڵگای دیموکراتی ،پرۆژه‌ی ژنانی کورد، که‌مپینی ئاشتی بۆ کوردستان، گروپی ژنانی ڕۆژ، فیدراسیۆنی کوردی له‌ به‌ریتانیا، ڕێکخراوی ئازادی ژن له‌ عێراق –نوێنه‌رایه‌تی ده‌ره‌وه‌.

 ڕێکخرای ئازادی ژن له‌ عێراق-نوێنه‌رایه‌تی ده‌ره‌وه‌

بەستەری هەمیشەیی بۆ ئەم بابەتە: http://www.owfi.info/KU/?p=166

رێکخراوی ئازادی ژنان له عێراق (OWFI)
owfi.info 2014 © All rights reserved


Hosting & Design: 1997-2014 Chrakan.com